وەزارەتی نەوتی عێراق: كۆرۆنا كاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوت نەبووە
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند "بارودۆخی ئێستا جێگەی نیگەرانی نییە بۆ وەزارەتی نەوت و كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت، تەنانەت كۆمپانیا چینییەکانیش بەشێوەیەكی ئاسایی كاردەكەن".
لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی "وەزارەتى نەوتيش هاوشێوەى وەزارەتەكانى ديكە رێكارەكانى تايبەت بە خۆپاراستن لە كۆرۆنای گرتووەتە بەر".
عاسم جیهاد ئاماژەی بەوەش کرد "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ كاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت نەبووە، وەزارەتیش رێكاری خۆپارێزیی گرتووەتەبەر، لەوانە دواخستنی هاتنەوەی كرێكارانی چینی كە مۆڵەتیان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان".
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق، كۆی هەناردەی نەوتی هەناردەكراو لە كانوونی دووەمی رابردوودا 3.649 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.