کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی عەللاوی بۆ مانگی داهاتوو دواخرا
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بە ماڵپەڕی (ئیخبارییە)ی عێراقی راگەیاندووە، محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمان پێشنیازی کردووە کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی یەکشەممە 1-3-2020، دوابخرێ.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، بڕیار دراوە ماوەی زیاتر بە لایەنە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆکردن بدرێ، بۆیە کۆبوونەوەکە بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو، دواخرا.
بڕیاربوو کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-2-2020 پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەللاوی، بدات، بەڵام بەهۆی ئمادەنەبوونی پەرلەمانتاران، کۆبوونەوەکە بۆ نیو کاتژمێر دواخرا و تا ئێستا دەستی پێنەکردووە.
تا ئێستا کورد و سوننە لە کابینەی محەمەد عەللاوی رازی نین و باس لەوە دەکەن، کە عەللاوی تاکڕەوی کردووە و حکوومەتەکەی بەبێ کورد و سوننە، پێک دەهێنێت.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز