فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان خۆیان یەکلایی دەکەنەوە

فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان خۆیان یەکلایی دەکەنەوە
فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیار لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردن لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەدەن.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-2-2020 پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەللاوی، بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-2-2020 (کەمێک لەمەوبەر) رێبوار هادی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی رايگەیاند، ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەناو کۆبوونەوەی ناوخۆییدان.

رێبوار هادی هەروەها رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا، بڕیاردەدەن بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بکەن یاخود نا.

تا ئێستا کورد و سوننە لە کابینەی محەمەد عەللاوی رازی نین و باس لەوە دەکەن، کە عەللاوی تاکڕەوی کردووە و حکوومەتەکەی بەبێ کورد و سوننە، پێک دەهێنێت.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.












باسنيوز


Top