پەرلەمانتارێکی فەتح: عەللاوی بەرتیل بە پەرلەمانتاران دەدات

 پەرلەمانتارێکی فەتح: عەللاوی بەرتیل بە پەرلەمانتاران دەدات


پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکەت، کە تیمی یاوەری سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو هەوڵی پێدانی بەرتیلی بە پەرلەمانتاران، داوە.

ئەحمەد کینانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان)، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی (شەرقییە)ی وڵاتەکەی، وەڵامی لێدوانەکەی محەمەد عەللاوی داوەتەوە.

رۆژی سێشەممە 25-2-2020، محەمەد عەللاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندبوو، پلانێک لە پەرلەمانەوە بۆ شکستهێنان بە پەسەندکردنی کابینەکەی لەڕێی پێدانی پارەی زۆر بە پەرلەمانتاران، هەیە.

ئەحمەد کینانی ئەو لێدوانەی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەپێچەوانەوە، چەند کەسێک لە تیمی کاری محەمەد عەللاوی، بە ژمارەیەک پەرلەمانتاریان گوتووە، ئەگەر دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بدەن، ئەوا عەللاوی یارمەتیی داراییتان دەدا بۆ کردنەوەی نووسینگە لە شارەکان.

تا ئێستا کورد و سوننە لەسەر پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق رای نین، بەهۆی ئەوەی محەمەد عەللاوی بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی ئەو دوو پێکهاتەیە، حکوومەتێکی زۆرینە شیعە پێک دەهێنێت.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.









باسنیوز
Top