محمد تۆفیق عەللاوی: پلانێک بۆ کڕینی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە
سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق باس لە پلانێک بۆ کڕینی دەنگی پەرلەمانتاران لە دژی کابینەکەی، دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-2-2020، محەمەد عەللاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، بیستوویەتی پیلانێک لە پەرلەمانەوە بۆ شکستهێنان بە پەسەندکردنی کابینەکەی، هەیە.
محەمەد عەللاوی هەروەها رایگەیاندووە، پلانەکە بریتییە لە پێدانی پارەی زۆر بە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بۆ متمانەبەخشین بە کابینەکەی بکرێتە نهێنی و پەرلەمانتاران کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق رەت بکەنەوە.
پێشتریش سەرچاوە عێراقییەکان باسیان لەوە کردبوو، کە پۆستی وەزیری لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق لەنێوان لایەنە سیاسییە عێراقییەکانەوە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 24-2-2020، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر محەمەد عەللاوی رۆژی سێشەممە (ئەمڕۆ) سیڤیی وەزیرەکانی کابینەکەی بنێرێتە پەرلەمان، ئەوا رۆژی پێنجشەممە 27-2-2020، پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر متمانەبەخشین بە کابینەکەی، کۆ دەبێتەوە.
تا ئێستا کورد و سوننە لەسەر پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق رای نین، بەهۆی ئەوەی محەمەد عەللاوی بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی ئەو دوو پێکهاتەیە، حکوومەتێکی زۆرینە شیعە پێک دەهێنێت.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیووز