یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە عێراق پەیامی بۆ خەڵکی وڵاتەکە هەیە
سوهەیل ئەمیری، ئەو گەنجەی لە عێراقە و کۆرۆنای هەیە، دەڵێت، "من ئەو کەسەم کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووم و چاکبوونەوە و تەندروستی و ژیان و مردن بە دەستی خوان".
سوهەیل ئەمیری باس لەوە دەکات، "هیواخوازم گەلی عێراق لە هەر بەڵایەک پارێزراو بێت و منیش بەشێکم لەوان، چونکە لە شارەکەم تارانەوە رووم کردووەتە نەجەف بۆ دەستخستنی زانست و خزمەتکردنی ئیمام حوسەین. نیازم نییە بگەڕێمەوە و عێراقم وەک وڵاتی خۆم، نەجەفم وەک شاری خۆم و گەلی عێراقیشم وەک گەلی خۆم هەڵبژاردوون".
ئەوە یەکەم حاڵەتی تووشبوونە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە عێراق تۆمار بکرێت.
رەزوان کیندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "ئەنجامی پشکنینەکان ئەمڕۆ ئاشکرایان کرد یەکێک لە خوێندکارانی زانستە ئایینییەکان کە هاووڵاتییەکی ئێرانییە و پێش بڕیاری شانەی قەیران تایبەت بە قەدەخەی هاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە هاتووەتە عێراق و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە".
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە و وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی ئێستا دەکرێت تەنیا بۆ خۆپارێزییە.
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 24-02-2020 سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران داخران.