کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی محەمەد عەللاوی دوا خرا
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-2-2020، حەسەن کەعبی، جێگری محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (شیعەمەزهەب)، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 26-2-2020، پەرلەمان کۆبوونەوە نائاساییەکەی بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەللاوی، ساز دەکات.
دوای ئەو بەیاننامەیەی حەسەن کەعبی، محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمان (سوننەمەزهەب) داوای کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی لە رۆژی دووشەممە (ئەمڕۆ) کرد بۆ پێداچوونەوە بە دیاریکردنی رۆژی چوارشەممە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێرا بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی بۆ رۆژی پێنجشەممە 27-2-2020، دا.
دەستەی سەرۆکایەتیی دیاریکردنی رۆژی پێنجشەممەشی بۆ کۆبوونەوە پەیوەیست کردووە بە ناردنی سیڤیی وەزیرەکانی کابینەی نوێ لە رۆژی سێشەممە 25-2-2020 و ئەگەر لەو رۆژە سیڤییەکان نەنێردران، ئەوا کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە دوادەخرێ.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز