پۆمپیۆ بۆ عەللاوی: کێشەکان لەگەڵ کورد چارەسەر بکە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەکا کێشەکانی لەگەڵ کورد چارەسەر بکات.
شەوی یەکشەممە 23-2-2020، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە محەمەد عەللاوی، راسپێردراو بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، کرد.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، مایک پۆمپیۆ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، لە پەیوەندییەکەدا، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حکوومەت پێویستە کۆتایی بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بهێنێت.
پۆمپیۆ هەروەها داوای چاکسازی لە حکوومەتی عێراق و سزادانی دەستدرێژیکاران بۆ سەر خۆپیشاندەرانی کردووە، بەشێوەیەک، کە ببێتە هۆی جێبەجێکردنی ”داوا رەواکان“ی خۆپیشاندەران.
هەروەها مۆرگان ئۆرتاگۆس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریژا رایگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی داوای لە محەمەد عەللاوی کردووە کێشەکان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و سوننەکان چارەسەر بکات.
مایک پۆمپیۆ هەروەها بە عەللاوی راگەیاندووە، عێراق دەبێ پابەند بێ بە پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و نێردە دیپلۆماسییەکانی.
تا ئێستا کورد و سوننە لەسەر پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق رای نین، بەهۆی ئەوەی محەمەد عەللاوی بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی ئەو دوو پێکهاتەیە، حکوومەتێکی زۆرینە شیعە پێک دەهێنێت.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز