بەشیر حەداد: هیواخوازین عەللاوی کار بۆ تێکدانی ئەو شەراکەتە نەکات کە 2003 عێراقی لەسەر دروستبووە

بەشیر حەداد: هیواخوازین عەللاوی کار بۆ تێکدانی ئەو شەراکەتە نەکات کە 2003 عێراقی لەسەر دروستبووە
رۆژی دووشەممە لەبری کۆبوونەوەی پەرلەمان، کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی دەکرێت و بڕیار لەسەر ئەو دانیشتنە دەدرێت کە بڕیارە کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی تێیدا پەسەندبکرێت، زۆرینەی شیعەکان پشتیوانیی دەکەن و دەیانەوێ ھەرچۆنێک بێت ئەم ھەفتەیە ئەو پرسە یەکلابکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان ھۆکاری پێداگری و پشتگیریی موقتەدا سەدر بۆ تێپەڕاندنی کابینەی نوێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەربژێرەکان، بەتایبەتی پشکی شیعەکان، رەزامەندی ئەوی لەسەرە.

سادق سڵێتی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی سائیروون دەڵێ "بەستنی کۆبوونەوەکە بەرپرسیارێتییە لەبەردەم دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران تاوەکو بەزووترین کات دانیشتنەکە بکرێت، دواتر ھەر کەسەو ئازادە کە رەزامەندە یاخود دەنگ بە رەتکردنەوەی کابینە وەزارییەکە دەدات، بەڵام ئەوەی کە گرنگ و پێویستە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیە بۆ ئەو مەبەستە، لەبەرئەوەی پرسەکە بابەتێکی نیشتمانییە".

لایەنە کوردستانییەکان دواجار لەگەڵ راسپێردراوی سەرۆکوەزیران گەیشتنە لێکتێگەیشتن و بڕیارە لە کابینەی نوێدا پشکی کورد چوار وەزارەت بێت و سێ وەزیری بە خواستی لایەنە کوردستانییەکان بێت، وەزیرێکیش محەممەد عەللاوی خۆی دەستنیشانی بکات.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "گفتوگۆکان بەردەوامە، بەڕێز عەللاوی نەرمییەکی نواندووە و لە بەشێکی بۆچوونەکانی خۆی ھاتووەتەوە خوارەوە، ئەمە پێشڤەچوونێکی باشە، ئێمە ھیواخوازین کە بەڕێز عەللاوی ھەرگیز کار بۆ ئەوە نەکات کە ئەو شەراکەتەی لە 2003وە عێراقی لەسەر دروستبووە، تێکیبدات".

ئەو کوردانەی کە بۆ محەممەد تۆفیق عەللاوی پێشنیازکراون بریتین لە عادل کەریم بۆ وەزیری بازرگانی، شوان ئیبراھیم تەھا بۆ وەزیری دارایی و حاکم رزگار محەممەد ئەمین بۆ وەزیری داد، بەڵام ئەمە ھێشتا قسەی کۆتایی نییە و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.
Top