هاوپەیمانیی فەتح بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەللاوی ناکات
هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق)، بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-2-2020، ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز)لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە هاوپەیمانیی فەتح (خاوەن 47 کورسی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان) پابەندە بە رێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای شیعە، کە داوا دەکا بڕیاریە ستراتیجییەکانی عێراق رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقی لەسەر بێت.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر کابینەکەی محەمەد عەللاوی کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر نەبێ، ئەوا هاوپەیمانیی فەتح بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکە، کە تا ئێستا وادەکەی دیاری نەکراوە، ناکات.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز