کوتلەیەکی عەرەبی: عەللاوی ناتوانێ بەبێ کورد و سوننە حکوومەت پێک بهێنێت

 کوتلەیەکی عەرەبی: عەللاوی ناتوانێ بەبێ کورد و سوننە حکوومەت پێک بهێنێت


سەرۆکی کوتلەیەکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو ناتوانێ بەبێ کورد و سوننە، حکوومەتەکەی پێک بهێنێت.

هیشام سوهێل، سەرۆکی کوتلەی (ئەلوەتەن) لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، عێراق بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێ و داوای لە محەمەد عەللاوی کردووە پەلە نەکات.

هیشام سوهێل بەپێویستی دەزانێ محەمەد عەللاوی جارێکی دیکە دەست بە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بکاتەوە.

سەرۆکی کوتلەی ئەلوەتەن جەختی لەوە کردووەتەوە، کە محەمەد عەللاوی ناتوانێ بەبێ دوو پێکهاتەی سەرەکیی عێراق، کەمەبەستی کورد و سوننەیە، حکوومەت پێک بهێنێت.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.






باسنیوز
Top