تەندروستیی زیقاڕ: پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای قوتابییەک کە لە ئێران گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا نێردراوە

تەندروستیی زیقاڕ: پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای قوتابییەک کە لە ئێران گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا نێردراوە
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای زیقاڕ لە عێراق، حاڵەتێکی گوماناویی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند و ئاشکرای کرد کە قوتابییەکی گەڕاوە لە ئێران بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە حاڵەتەکەی، پشکنینەکانی ڕەوانەی تاقیگەیەکی بەغدا کراوە.

عەبدولحوسێن جابری، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زیقاڕ ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٠ بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە تووشبوونی کەسێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکەیان دەکەن، راست نین.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە: “راستیی بابەتەکە بەم جۆرەیە، کەسێک کە قوتابی بووە لە شاری قوم لە ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتووەتەوە پارێزگای زیقاڕ، پشکنینی بۆ کراوە و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی لێ دەرنەکەوتووە، بۆیە فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگاکە ڕێگەی داوە بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای زیقاڕ، هەرچەندە ئەوان نیشانەی نەخۆشییەکەیان لەو کەسەدا نەبینیوە، بەڵام پشکنینە پزیشکییە تایبەتەکەیان بۆ تاقیگەیەکی پزیشکی لە بەغدا ناردووە تاوەکوو ئەنجامی کۆتایی تەندروستیی ئەو بزانن و لە تووشبوون یان تووشنەبوونی بە ڤایرۆسەکە دڵنیا ببنەوە.

هەر ئەمڕۆ شەممە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بڵاویان کردبووەوە کە یەکێک لەو کەسانەی لە ئێران گەڕاوەتەوە بۆ زیقاڕ، تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بە فەرمی ٢٨ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تۆمار کراوە کە لە ئەنجامدا پێنج کەس گیانیان لەدەست داوە.









باسنيوز


Top