پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق: عەللاوی لە هەڵبژاردن دۆڕاوە چۆن دەکرێتە سەرۆک وەزیران؟

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق: عەللاوی لە هەڵبژاردن دۆڕاوە چۆن دەکرێتە سەرۆک وەزیران؟
پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە هەڵبژاردن دۆڕاوە و چۆن دەکرێ بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت راسپێردرێ؟

ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، لە عێراق دیموکراتییەتێکی سەیر پەیڕەو دەکرێ و کاندیدی دۆڕاو حکوومەت پێک دەهێنێت.

ماجد شنگالی بە سەرسوڕمانەوە باس لەوە دەکات، کە محەمەد عەللاوی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 2018 تەنیا 501 یەک دەنگی بەدەست هێنا و دەرنەچوو، ئێستاش کاندید کراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و دەیەوێ ”حکوومەتێکی سەربەخۆ و بەهێز“ پێک بهێنێت!

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.












باسنيوز



Top