فراكسیۆنی پارتی: حەلبوسی بەم شێوەیە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی پەسەندکردنی کابینەی نوێ ناکات
د.ڤیان سهبری، سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له پەرلەمانی عێراق رايگەیاند، تائێستا محهمهد حهلبوسیی سەرۆکی پەرلەمان ئامادهنییه بهم شێوهیەی ئێستا كۆبوونهوهی پەسەندکردنی کابینەکەی عەللاوی بهرێوه ببات.
ڤیان سەبری هەروەها رایگەیاند، پێویستە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو پێکهاتەی کابینەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمانتاران تائەوان بزانن بەرنامەی حکوومەت و وەزیرەکانی کێن؟ بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێ.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بە بوونی لێژنەیەک لە پەرلەمان بە ناوی لێژنەی چاودێریی بەرنامەی حکوومەت، کە داوا دەکا بەرنامەی کابینەی نوێ لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێ.
دوای خوێندنەوەی بەرنامەی حکوومەت لە پەرلەمان، هەروەک ڤیان سەبری رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان سەرۆک کوتلەکان رادەسپێرێ بۆ تاوتوێکردنی بەرنامەکە لەنێوان خۆیان، ئینجا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێ.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێی وایە ئەگەر بەرنامە و ناوی ئەندامانی حکوومەتەکەی عەللاوی بەم شێوەیە و بەپێی یاسا بگاتە پەرلەمان، ئەوا محەمەد حەلبوسی رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێ، دیاری دەکات.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز