بەشیر حەداد: هەتا ئێستا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کاتی کۆبوونەوەی دیاری نەکردووە

بەشیر حەداد: هەتا ئێستا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کاتی کۆبوونەوەی دیاری نەکردووە
ئەمڕۆ شەممە 2020.2.22 لە هەولێر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا تیشکی خستە سەر هەندێ پرسی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان.

لەمبارەوە د. بەشیر حەداد، گوتی: "لە پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراقدا کورد داوای شتێکی سەیروسەمەرەی نەکردووە، بەڵكوو داوای ئەوە کردووە لە دیاریکردنی کاندیدەکانی خۆی لە حکوومەتدا مافی هەبێت، وەک چۆن کەسانی دیکە ماف بە خۆیان دەدەن کە کاندید بکرێن، بەڵام ئەو مافە بە لایەنەکانی دیکە نەدرێت و ئەمەش بارودۆخێکی هەستیاری هێناوەتە پێشەوە و ئەمەش یاریکردنە بەو بناغەیەی کەلە ساڵی 2003ەوە عێراقی لەسەر بنیات نراوە و تێکدانی ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەک نییە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمانی عێراقەوە گوتی: "لە بنەڕەتدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆی هەیە کە کۆبوونەوەی نائاسایی ساز بکرێت، بەڵام دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدات و دەستەی سەرۆکایەتیش بریتییە لە سەرۆک و دوو جێگرەکەی و ئێەمش هەتا ئێستا وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانمان دیاری نەکردووە".

د. بەشیر حەداد ڕاشی گەیاند: "ئەم کۆبوونەوە نائاساییەش ئامانجەکەی دیارە بۆ دەنگدان و متمانەدانە بە کابینەکەی عەلاوی، بەڵام متمانەدان بە کابینەی حکوومەت ئەوە دەخوازی کە ٤٨ کاتژمێر پێشتر بەرنامەی حکوومەت بنێردرێتە پەرلەمان و سیڤیی وەزیرەکان بنێردرێت بۆ ئەوەی ئەندام پەرلەمانەکان و بیخوێننەوە و بزانن و قەناعەتیان لا دروست ببێت کە ئاخۆ دەنگی پێ دەدەن، یان نا؟".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا: "پاش ئەوەی بەرنامەی حکوومەت دێتە پەرلەمان، دواتر سەرۆکی پەرلەمان لیژنەیەک پێک دێنێت بە سەرۆکایەتیی یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان بۆ دیراسەکردنی ئەم بەرنامەیە و دواتر راپۆرتێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەندامان دەکرێت کە ئەمە تێبینی ئێمەیە لەسەر بەنامەی حکوومەت، بەڵام ئەم تێبینی و ڕێوشوێنانە هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراون، ئیتر نازانم چۆن داوای کۆبوونەوە دەکەن، بۆیە ئێمە پێمان وایە کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکرێت هەتا ئەوەی بەرنامەی کاری حکوومەت نەگات و سەرۆکی پەرلەمان لیژنەیەک پێک نەهێنێت بۆ تاوتوێی بەرنامەکە".

ئەم گوتانەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانیش ئەم هەوڵەی لایەنە شیعەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بەبێ بەشداریی کورد و سوننە ڕەت دەکەنەوە، بەڵام لایەنی شیعە پێداگرن کە ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت و دەنگ بە کابینەی محەمەد تۆفێق عەلاوی بدرێت.











باسنيوز


Top