پەرلەمان تا ئێستا بڕیاری کۆبوونەوە بۆ پەسەندکردنی کابینەکەی عەللاوی نەداوە

 پەرلەمان تا ئێستا بڕیاری کۆبوونەوە بۆ پەسەندکردنی کابینەکەی عەللاوی نەداوە


سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە تا ئێستا بڕیاری کۆبوونەوە بۆ متمانەبەخشین بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، نەدراوە.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، پێویستە محەمەد عەللاوی دوو رۆژ پێشتر لیستی ئەندامانی کابینەکەی بنێرێتە پەرلەمان.

محەمەد حەلبوسی، کە دەگوترێ بۆ متمانەنەبەخشین بە کابینەکەی عەللاوی سەردانی دەرەوەی وڵاتی کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەبەخشین بە کابینەی نوێ، دیاری نەکراوە.

پێشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردبووەوە، کە رۆژی دووشەممە 24-2-2020، پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەبەخشین بە کابینەکەی عەللاوی، کۆ دەبێتەوە.

بە گوتەی چاودێران، محەمەد عەللاوی هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننەی پەراوێز خستووە و لە دیاریکردنی وەزیرەکانی کابینەکەی، بڕیاری تاکڕەوانەی لە بەرژەوندیی شیعەکان داوە.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.













باسنيوز
Top