وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد
دوای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند شارێكی ئێران، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكانی لە عێراق بۆ ئێران و بە پێچەوانەوە راگەیاند.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەرۆژی پێنجشەممەوە 20-2-2020ـەوە تاوەكو ماوەیەكی نادیار، گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی لە عێراق بۆ ئێران و بە پێچەوانەوە هەڵپەساردووە".

بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو بڕیارە دوای راسپاردەكانی وەزارەتی تەندروستی دێت بە گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێو عێراق. بڕیارەكە هەردوو فڕۆكەخانەی بەغداو نەجەفیش دەگرێتەوە، جگە لەو شاندە دیپلۆماسییە عێراقییانەی ئێستا لە ئێرانن، كە دەبێ دوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق لەلایەن تیمەكانی سەربە وەزارەتی تەندروستی پشكنینان بۆ بكرێت.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ گواستنەوەی ئەو عێراقییانەی لە ئێرانن بۆ عێراق، دوای ئەنجامدانی پشكنینی پێویست و دڵنیابوون لە سەلامەتییان لەلایەن تیمەكانی تەندروستی تایبەت بەو بوارە.

پێشتر وەزارەتی تەندروستیی عێراق چوار پێشنیازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا پێشکەشکردبوو کە دیارترینیان قەدەخەكردنی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بوو بۆ نێو عێراق.

جەعفەر سادق عەلاوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی كردووە "هەموو ئەو عێراقییانەی ئاگادار كردووەتەوە كە لە ماوەی 14 رۆژی رابردوو لە ئێران گەڕاونەتەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونیان لەلایەن تیمەكانی تەندروستیی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت".
Top