عێراق بە هۆی كۆرۆناوە دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ ئێران داخست
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پارێزگای میسان بڕیاری داخستنی دەروازەی "شەیب"ی سنووری لەگەڵ ئێران دا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەم وڵاتە، لە بەیاننامەیەكیشدا ئاشكرای كردبوو كە حكوومەتی خۆجێی ئەم بڕیارەی داوە، ئەمەش وەك رێكارێكی پێویست بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو خاكی عێراق.
لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ پارێزگاری بەسرا بڕیاری دا ڕێگە بە هاتنی هیچ گەشتیارێكی ئێرانی نەدرێت، تەنها دوای ئەوەی پشكنینی وردی بۆ دەكرێت.
ئەم ئێوارەیەش دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق بڕیاری بڵاوكردنەوەی دەیان تیمی پزیشكی دا لەسەر دەروازە سنوورییەكانی عێراق و ئێران، بۆ ئەوەی پشكنینی ورد بۆ هەموو گەشتیارێك بكرێ كە لە ئێرانەوە ڕوو لە عێراق دەكەن.
بە گوێرەی هەواڵێكی كەناڵی "ئێران ئینتەرناسیۆناڵ"، تا ئێستا 9 كەس بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە شاری قومی ئێرانیدا مردوون، ژمارەیەكی تریش لە شاری مەشهەد تۆمار كراون، بەڵام حكوومەتی ئەم وڵاتە تەنها هەواڵی مردنی دوو كەسی پشتڕاست كردووەتەوە.
باسنيوز