چالاکوان و خۆپیشاندەران لە عێراق خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەکەن

  چالاکوان و خۆپیشاندەران لە عێراق خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەکەن
چالاکوانان و خۆپیشاندەران لە عێراق، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەکەن. موقتەدا سەدڕ رێبەری رەوتی سەدڕیش دەیەوێ، بە سواربوونەوەی دووبارەی شەپۆلی ناڕەزاییەکان، لە ئەگەری هەڵبژاردندا، پێگەی خۆی لەدەست نەدات.



ڕۆژی يه‌كشه‌ممەی رابردوو‌ لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى هاوپه‌يمانى هێزه‌ عێراقييه‌كان و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد.



لە ڕاگه‌يەندراوێکی هاوبەشدا، دوای كۆبوونەوەکە هەردوولا رێککەوتنیان لەسەر چەند خاڵێکی هاوبەشی نێوانیان راگەیاند، کە یەکێک لەو خاڵانە ئەوە بوو کە پێويسته‌ حكوومه‌تى داهاتووى عێراق نوێنه‌رايه‌تیى هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق بكات و له‌ سه‌ر بنه‌ماى شه‌راكه‌تى نيشتمانيى بێت، ئاماژه‌ش به‌ ئاماده‌كارییەکانی بكات بۆ‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته به ‌زووترين كات، ئەوە وه‌كوو جێبه‌به‌جێكردنی خواستى خۆپيشانده‌ران و ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ كارى لەپێشينه‌ى حكوومه‌تى داهاتوو.



پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا پێی وایە، ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێ، ئەوا ئامادەکاری بۆ پڕۆسەکە زیاتر لە ساڵێکی پێویستە.



لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق بە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان، لە چوار مانگی رابردوودا پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق هاتە رۆژەڤەوە، هەریەک لە ئەمەریکا، ئێران، نەتەوە یەکگرتووەکان و مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانیش پشتیوانییان لە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە کرد، کە لەلایەن شەقامی عێراقییەوە داوا کرا.



ئێستاش بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، کە لە سەرچاوەی ئاگەدار لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانەوە پێی دراوە، ژمارەیەک لە چالاکوانانی خۆپیشاندەر، خۆیان بۆ هەڵبژاردن و بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی لە داهاتووی عێراقدا ئامادە کردووە، بەڵام سەرەتا دەیانەوێ دڵنیا بن لە پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی بێلایەن و دووەمیان دەیانەوێ بە هەموار و پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان، ئەوە گەرەنتی بکەن کە سەرکردە سیاسییەکانی ئێستای عێراق، کە لە 2003ەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و دۆخی (عێراق)یان بە ئێستای گەیاندووە، نەتوانن بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بکەنەوە، یان بەلایەنی کەمەوە، مەرجی قورسیان بۆ دابنرێ، کە رێگرییان لێ بکات لەوەی، لە ڕێگەی نایاسایی و کڕینی دەنگەوە بگەنەوە بە کورسییەکانیان.



هاوکات، هەر بەپێی زانیارییەکان، هەڵوەشاندەوەی گرووپی کڵاوشینەکان لەناو خۆپیشاندەران، کە لەلایەن موقتەدا سەدڕ، رێبەری ڕەوتی سەدڕەوە پشتیوانییان لێ دەکرا و فەرمانیان پێ دەکرا، پەیوەندیی بە ترسی سەدڕەوە هەیە لەو ئامادەکارییەی کە چالاکوانانی خۆپیشاندەر بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەیکەن، ئەوەش لەپێناو ئەوەی بە دووبارە سواربوونەوەی شەپۆلی ناڕەزاییەکان، سەدڕ دەیەوێ پێگەی خۆی لە داهاتووی عێراقدا لەدەست نەدات.



لە ماوەی رابردوودا، ئەیاد عەلاوی، سەرۆكی هاوپەیمانیی وەتەنییە رای گەیاند، پیلانێك هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق نەکرێت.



عەلاوی، لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتیشی: “پیلانەكە چەند لایەنێكی ناوخۆیی ‌و هەرێمی لەپشتەوەیە، كە دەیانەوێت دۆخی عێراق وەكوو ئێستا بمێنێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکرێت”.



عەلاوی جەختی لەوەش کردەوە، دەبێ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکرێت، چونكە ئەوە داوای سەرەكیی خۆپیشاندەرانە و نابێت لایەنەكان پشت لەو داواكارییە بكەن.



ئەمە لەكاتێكدایە، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە لایەنەكان بۆ دانانی محەمەد تۆفیق عەلاوی، بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، گەیشتوونەتە رێككەوتن، كە یەکێک لە كارە جەوهەرییەکانی ئەو حكوومەتە، ئامادەكاری دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.



هاوکات، هەر بەپێی زانیارییەکان، مه‌رجه‌عى باڵاى ئایینیى شیعەکان، لە ماوەی رابردوودا‌ داواى له‌ فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كانی پەرلەمانی عێراق کردووە، دەستوبرد بکەن بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان و كار بكه‌ن بۆ دیاریكردنى واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختە.



بەڵام، به‌ها ئه‌عره‌جى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق، ده‌ڵێت: "به‌ڵێنه‌كانى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ تاوەکوو ئێستا درۆن".



ئه‌عره‌جى، له‌ هه‌ژماری خۆى له‌ (تویته‌ر) بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختە له‌لایه‌ن هه‌ندێك فراكسیۆن‌ وه‌كوو ماده‌یه‌كى راگه‌یاندن ده‌قۆزرێته‌وه‌ و بازرگانیى پێوه‌ ده‌كه‌ن.



لای خۆشیانەوە، د.ناسڕ یوسف، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند، بەلایەنی کەمەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، ئەگەر لەمڕۆوە کاری بۆ بکرێت، زیاتر لە ساڵێک پێویستە، گوتی: “لەلایەک ئەو کۆمسیۆنەی بڕیارە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەرپرسیاریەتیی هەڵبژاردن لەئەستۆ بگرێت، بەتەواوی ئامادە نەکراوە و زۆر پۆست ماوە پڕ بکرێنەوە، دووەمیان بارودۆخی ئەمنیی عێراق جێگیر نییە و هەڵبژاردن لە دۆخێکی سەقامگیردا دەکرێت، ئەوەی هەیە، ئەو بارودۆخە ئێستا پێویستی بە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە ئەوە داواکاریی شەقامی عێراقیە و کوردیش پشتیوانی لەو داوایە دەکات”.



جەختی لەوەش کردەوە، چالاکوان خۆپیشاندەرانیش بۆ هەڵبژاردن خۆیان ئامادە دەکەن و ئەوانیش دەیانەوێ پێش ئەوە یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە، کە دەرفەت بە هاتنەپێشەوەی خەڵکی نوێ بدات لە عێراق، تا بگەن بە دەسەڵات، گوتی: “هەموو ئەو بارودۆخەش بە لایەنی کەم بۆ هەڵبژاردن پێویستی بە زیاتر لە ساڵێک هەیە”.








باسنیوز
Top