عەللاوی لەگەڵ سەرکردەی کوتلە و لایەنە سیاسییەکان کۆ دەبیتەوە
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17-2-2020، محەمەد عەللاوی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوبەش لەگەڵ سەرکردەی کوتلە و لایەنە سیاسییەکان ساز دەکات.
لەو کۆبوونەوەیەدا، محەمەد عەللاوی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ لەبارەی ناوی کاندیدەکان بۆ وەرگرتی وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دەکەن.
ئێوارەی رۆژی شەممە 15-2-2020، محەمەد عەللاوی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاند، لە پێکهێنانی کابینەکەی لە کەسانی پسپۆڕ و رابردوو پاک و دوور لە حزبایەتی، نزیک بووەتەوە و ”ئەم هەفتەیە“ کابینەکەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز