پەرلەمانتارێکی پارتی: ئەستەمە عەللاوی بتوانێ لەم هەفتەیەدا کابینەکەی رابگەیەنێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، ئەستەمە سەرۆک وەزیرانی راسپییردراوی عێراق بتوانێ لەم ھەفتەیە کابینەکەی رابگەیەنێت.
محمەد ئەمین فارس، پەرلەمانتاری عێراق، اگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن رۆژی سێشەممە محەمەد عەلاوی کابینەکەی رادەگەیەنێت، راست نین، ”ئەستەمە لەم هەفتەیە کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات“.
محەمەد ئەمین فارس هەروەها رایگەیاند، عەلاوی تا ئێستا لەگەڵ پێکھاتەی سوننە و کورد نەگەشتووەتە رێککەوتن لەسەر بەرنامەی کابینەکەی و وەزیرەکانی، بۆیە ناتوانێ لەم ھەفتەیە کابینەکەی رابگەیەنێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، عەللاوی تەنیا 13 رۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ راگەیاندنی کابینەکەی و پێشکەشکردنی بە پەرلەمان، چونکە دەستوور تەنیا یەک مانگ مۆڵەت بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو دەدا تا کابینەکەی پێک بهێنێت.
ئێوارەی رۆژی شەممە 15-2-2020، محەمەد عەللاوی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاند، لە پێکهێنانی کابینەکەی لە کەسانی پسپۆڕ و رابردوو پاک و دوور لە حزبایەتی، نزیک بووەتەوە و ”ئەم هەفتەیە“ کابینەکەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز