پەرلەمانتارێک: سێ وەزارەت بۆ کورد دیاریکراون

پەرلەمانتارێک: سێ وەزارەت بۆ کورد دیاریکراون
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، سێ وەزارەت بۆ کورد دیاریکراون و هێشتا بە فەرمی وەزیرانی کورد یەکلایی نەبوونەتەوە.

نەدا شاکر جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی سێ پۆستی وەزاری بۆ کورد دیاریکراون، بەڵام بەهۆی بوونی ناکۆکی تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان داوا لە عەللاوی دەکات خۆیان وەزیرەکان دیاریبکەن.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، محەممەد تۆفیق عەللاوی کابینە وەزارییەکەی رەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی کردووە، لە کابینە وەزارییەکەدا پێنج ژن هەن، سەرجەمیان سەربەخۆن، ئەگەری هەیە لە دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدات.

محەممەد تۆفیق عەللاو، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەردا رایگەیاند، ئەم هەفتەیە لیستی کابینەکەی دەداتە پەرلەمان.

عەللاوی وادەی نزیکەی 15 رۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ تەواوکردنی ئەو 30 رۆژەی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی بۆی دیاریکراوە.

Top