جارێکی دیکە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا مووشەکباران کرا
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٠، ژمارەیەک مووشەک لە نزیک باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە.
هاوکات لە دەوروبەری باڵوێزخانەکەشەوە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ خۆپاراستن لە هێرش بیستراوە.
هەر بەیانیی ئەمڕۆ، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقی ئاشکرای کرد کە شەوی ڕابردوو چوار مووشەک لە بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە، سێ لەم مووشەکانە کەوتوونەتە نێو ناوچەی سەوزی بەغداوە.
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە مووشەکی چوارەم لە بارەگای پشتیوانیی لۆجستیی حەشدی شەعبی لە تەنیشت باڵاخانەی کۆلێژی پۆلیس لە شەقامی فەڵەستین کەوتووەتە خوارەوە کە بەهۆیەوە زیان بە ئۆتۆمبێلێک و کەلوپەلی یەدەگ گەیشتووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.
باسنیوز