پەرلەمانتارێکی عێراق: هیچ وادەیەک بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەللاوی دیارینەکراوە

پەرلەمانتارێکی عێراق: هیچ وادەیەک بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەللاوی دیارینەکراوە
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ متمانەدان بە کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێدراو بۆ پێکهێانانی کابینەی نوێی حکومەت.

بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "ئەوەی لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە دەگوترێت، قسەیە و تاوەکو ئیستا بە فەرمی هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیارینەکراوە بۆ متمانەدان بە کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی."

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد، "لەبارەی پێکهێنانی کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوییەوە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ کورد نەکراوە کە نوێنەری هەموو کورد بۆ پێدانی پۆستەکان بیکات، ئەگەر شتێکی جیاوازیش کرابێت، ئەوە شەرمە، چونکە وا گفتوگۆمان کردووە هەموومان پێکەوەبین".

بەهار مەحموود باسی لەوەش کرد، "دەکرێت لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا محەممەد تۆفیق عەللاوی 50% زیاتری کابینەکەی بهێنێتە پەرلەمان و بخرێتە دەنگدانەوە بۆ متمانەپێدانی".

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی یاسایی ئەوەی خستەڕوو، هەرچەندە لە دەستووردا هاتووە ئەو کەسەی وەکو سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەیەک رادەسپێردرێت دەبێت لیستی کابینەکەی بهێنێتە پەرلەمان، بەڵام ئەو نیوەیەی لیستی کابینکە کە دروستکراوە، لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدیەوەیە و ئەو بابەتە پەیڕەوکرا و وەکو عورفێکی پێشووی لێهاتووە و دادگای ئیتیحادی لەو بارەوە رێگرنەبوو.

محەممەد تۆفیق عەللاو، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەردا رایگەیاند، ئەم هەفتەیە لیستی کابینەکەی دەداتە پەرلەمان.

عەللاوی تەنیا وادەی 15 رۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ تەواوکردنی ئەو 30 رۆژەی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی بۆی دیاریکراوە.
Top