سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق: ئەم هەفتەیە حکومەتەکەم رادەگەیێنم
ئەمڕۆ شەممە 15-02-2020 محەممەد تۆفیق عەللاوی لە تویتێکدا رایگەیاند "نزیکین لە بەدیهێنانی دەستکەوتێکی مێژوویی کە بریتییە لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتێکی سەربەخۆ کە لە بەتواناکان و دەستپاکەکان پێکهاتووە، بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێکی سیاسی، ئەم هەفتەیەش بەپشتیوانی خوداوەند ناوی ئەندامانی کابینەکەم دوور لە دەنگۆ و دزەپێکردن رادەگەیێنم".
سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەشڵێت "هیوادارم ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بە کابینەکەم بدەن بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەل".
بەپێی مادەی 76ـی دەستووری عێراق، محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق تا سەرەتای مانگی ئاداری داهاتوو کاتی لەبەردەستە بۆ راگەیاندنی کابینەکەی لە پەرلەمان و بەدەستهێنانی متمانە.