پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق: دەبێ عەللاوی رەچاوی تایبەتمەندیی کوردستان بکات
موحسین سەعدون، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، کورد بەشێوەیەکی گشتی نابێتە رێگر لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، کە حکوومەتێکی کاتییە و کار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات.
موحسین سەعدون بە ئاماژەکردن بەوە لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکگرتوو و یەکدەنگن لەبارەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
ئەو سیاسەتمەدارە پێی وایە پێویستە محەمەد عەللاوی، راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق رەچاوی تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان بکات و لەبارەی وەزیرە کوردەکان لە کابینەکەی، راوێژ بە سەرۆک بارزانی بکات.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز