لە کۆی 89 کەسی دامەزراو لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق تەنیا دوو کەسیان کوردن
بەپێی بەڵگەنامەکان، لەم چەند رۆژەی رابردوودا فەرمانی دامەزراندن بۆ 89 کەس لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەرچووە، بەڵام تەنیا دوو کەسیان کوردن.
ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاند "پێویستە لێكۆڵینەوە لەبارەی دامەزراندنی ئەو 89 كەسە بكرێت كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر میلاكی وەزارەتەکەی دایمەزراندوون، چونكە دەبێ ئەو وەزارەتانە لەڕووی دامەزراندنەوە مافی پێكهاتەكانی عێراقیان تێدا پارێزراوبێت".
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند "بەدواداچوون بۆ دامەزراندنی تەنیا دوو کورد لە کۆی 89 کەسی دامەزرێندراوی وەزارەتی دەرەوە دەکەم".
ئەو ئەندامە لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی "ئەوەی كراوە بۆ رازیكردنی شەقامە و هەموو وەزارەتەكان دەرگای دامەزراندنیان كردووەتەوە، بەڵام دەبێت بزانین بە چ پێوەرێك ئەوەی روویداوە، كراوە. بۆیە دەبێت لێكۆڵینەوە لەوبارەوە دەستپێبكرێت".