دوو پەرلەمانتار پشتگیریی خۆیان لە محەمەد عەللاوی دەکشێننەوە
دوو پەرلەمانتاری عێراق، پشتگیریی خۆیان لۆە کابینەی نوێیحکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەللاوی، دەکێشنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-2-2020، ریاز تەمیمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی نەسر بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، کەس نازانێ محەمەد عەللاوی بە چ شێوەیەک ئەندامانی کابینەکەی هەڵدەبژێرێ.
ریاز تەمیمی بڕیاری داوە واژۆی خۆی لەسەر کاغەزی پاڵپشتی بۆ راسپاردنی محەمەد عەللاوی بە پێکهێنانی کابینەی نوێ، دەکشێنێتەوە.
هەر ئەمڕۆ، ئەحمەد عەبدوڵڵا جبوری، ئەمینداری گشتیی پارتی جەماوەری نیشتمانی و پەرلەمانتاری عێراق، کشاندنەوەی پشتگیریکردنی خۆی ل محەمە عەللاوی، راگەیاندووە.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز