چین لەبارەی تووشبوونی چینییەکانی عێراق و کوردستان بە کۆرۆنا روونکردنەوە دەدات
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-2-2020، باڵوێزخانەی چین لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، لە 22-1-2020ـەوە داوایان لە کۆمپانیا چینییەکان لە عێراق کردووە، رۆژانە راپۆرتێک لەبارەی بارودۆخی تەندروستیی کارمەندانیان، ئامادە بکەن.
باڵوێزخانەکە رایگەیاندووە، تا ئەمڕۆ چوارشەممە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو هاووڵاتییە چینییەکانی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، تۆمار نەکراوە.
لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و تا ئێستا لە چەند وڵاتێک دۆزراوەتەوە، لە شاری وهان سەری هەڵدا.
تا ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە چینییانەی لەناوخۆی وڵاتەکەوە بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، گەیشتووەتە هەزار و 113 کەس.
باسنيوز