پسپۆڕێکی ئەمنی: پێویستە هێزە بیانییەکان خۆپشاندەرانی عێراق بپارێزن

پسپۆڕێکی ئەمنی: پێویستە هێزە بیانییەکان خۆپشاندەرانی عێراق بپارێزن
پسپۆڕێکی ئەمنی بە پێویستی دەزانێ هێزە بیانییەکان خۆپیشاندەرانی عێراق بپارێزن.

جاسم حەنون، پسپۆڕی ئەمنیی عێراقی بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق ”سەختترین پرسی حکوومەتی نوێی عێراق دەبێت“.

جاسم حەنون هەروەها رایگەیاندووە، پێویست بوو پاراستنی گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندەران بە هێزە بیانییەکان بسپێردرێت.

پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.











باسنيوز


Top