عەبدولمەهدی: یەک خولەکیش زیاتر لە پۆستەکەم نامێنمەوە

 عەبدولمەهدی: یەک خولەکیش زیاتر لە پۆستەکەم نامێنمەوە


سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رایدەگەیەنێت،کە یەک خولەکیش زیاتر، لە پۆستەکەی نامێنێتەوە.

بەها ئەعرەجی، سیاسەتمەداری عێراقی رایگەیاندووە، کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر بە کوتلە سیاسییەکانی راگەیاندووە، لە پۆستەکەی دەکشێتەوە.

بەها ئەعرەجی هەروەها رایگەیاندووە، کە عادل عەبدولمەهدی گوتویەتی، رۆژی 2-3-2020 دوارۆژی کارکردنییەتی لە ئەنجوومەنی وەزیران، تەنانەت ”یەک خولەکیش زیاتر“ لەو پۆستە بەردەوام نابێت.

بەپێی دەستووری عێراق، دەبێ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێک بهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان، کە ئەو وادەیەی بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی دانراوە، رۆژی 2ـی مانگی داهاتووە.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.









باسنیوز
Top