پارێزگای بەغدا روونکردنەوە لەبارەی شەڕی پاسەوانەکان دەدات
رۆژی دووشەممە 10-2-2020، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە پاسەوانەکانی فەلاح جەزائیری، پارێزگاری پێشووی بەغدا و پاسەوانەكانی محەمەد عەتا، پارێزگاری سەپێندراوی بەغدا لەناو پارێزگا دەستیان بە شەڕە تەقە کرد.
لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 11-2-2020 بڵاوی کردووەتەوە، پارێزگای بەغدا رەتی دەکاتەوە شەڕی پاسەوانەکانی عەتا و جەزائیری رووی دابێ و داوا لە میدیاکان دەکا بە وردی و راستگۆیی هەواڵەکانبڵاو بکەنەوە.
لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا پۆستی پارێزگاری بەغدا لە ناو دادگاكاندا ماوەتەوە و یەكلایی نەكراوەتەوە، هەریەك لە عەتا و جەزائیری بە مافی خۆیانی دەزانن.
هەروەک میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردبووەوە، رۆژی دووشەممە محەمەد عەتا ویستوویەتی بچێتە ناو بارەگای پارێزگا، پاسەوانەكانی فەلاح جەزائیری ڕێگەیان نەداوە بچێتە ژوورەوە، بەمەش شەڕەكە ڕووی داوە، ئەمەش دوای ئەوە هات، كە رۆژی یەكشەممە دادگای ئیداری بڕیاری دابوو جەزائیری بگەڕێتەوە سەر پۆستەكەی وەك پارێزگاری بەغدا.
پێشتر لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوودا بەرهەم ساڵح، سەركۆماری عێراق ئیمزای لەسەر دامەزراندنی محەمەد عەتا كردبوو وەك پارێزگار لە شوێنی جەزائیری، لە كاتێكدا نووسراوێكی تر بڵاوبووبووەوە كە تیایدا فەلاح جەزائیری دەستی لە پۆستی پارێزگاردا كێشابووەوە، بەڵام دواجار جەزائیری رایگەیاند كە ئیمزاكە ساختەیە و ئەو نەیكردووە.
باسنيوز