ئەمریکا سەربازەکانی لە عێراق زیاتر دەکات و سیستەمی پاتریۆت بۆ بنکەکانی دادەنێت

 ئەمریکا سەربازەکانی لە عێراق زیاتر دەکات و سیستەمی پاتریۆت بۆ بنکەکانی دادەنێت
هەندێ لە لایەنە شیعەکان، پشتیوانییان لە عەلاوی، بە جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەبەستنەوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ بڕیاری توندتر لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی، چاودێرێکی سیاسییش پێی وایە، ئەمریکا لە هیچ دۆخێکدا لە عێراق ناکشێتەوە.

دوای بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بە بڕیاری لایەنە شیعەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کە کورد و سوننە بەشدارییان لەو دانیشتنەدا نەکرد، بەپێی زانیاریی میدیا ئەمریکییەکان، تا دێت ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بەرەو زیادبوون دەچێت و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش لە عێراق زیاتر فراوان دەکرێن و وا بڕیاریشە سیستەمی دژەمووشەکی پاتریۆتیان بۆ دابنرێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە هەفتەی رابردوودا 400 سەربازی دیکەی ئەمریکا، بەناوی پاراستنی باڵوێزخانەکەیان لە بەغدا، گەیشتوونەتە عێراق و هاوکات بەرپرسانی ئەمریکاش حکوومەتی عێراقیان لە دانانی سیستەمی دژەمووشەکی پاتریۆت لە نزیک بنکە و باڵوێزخانە و بارەگاکانیان ئاگادار کردووەتەوە.

لەمبارەوە، میدیا عێراقییەکانیش ئاشکرایان کردووە، ئامانج لە هاتنی جه‌نه‌ڕاڵ كینیس ماكێنزی، فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئەمریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا، بۆ پێدانی په‌یامی ئەمریکا بووە بە به‌رپرسانی به‌غدا، كه‌ وڵاته‌كه‌ی دەیەوێ سیستەمی به‌رگریی مووشه‌كی له‌ بنكه‌ سەربازییهكانی له‌ عێراق دابنێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ماكێنزی له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا هۆشداریی ئه‌وه‌شی داوه‌ته‌ بەرپرسانی عێراق، کە لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر بارەگاکانیان، ئەوا هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئەمریکا بۆ عێراق، له‌نێویاندا چه‌ك و زرێپۆشیش ڕاده‌گیرێت.
هاوکات، سەرچاوەیەكی ئەمنیش لە پارێزگای ئەنبار ئاشکرای کردووە، هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا دەستیان كردووە بە فراوانكردنی رووبەری بنكەی ئاسمانیی (عەین ئەسەد) لە ناحیەی بەغدادی، لە قەزای هیتی رۆژئاوای ئەنبار، بە شێوەیەك چەند رووبەڕێكی‌تر بۆ باڵەخانەكانی بنكە سەربازییەكە زیاد كراون.

لەلایەکی دیکەشەوە، لایەنە شیعەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەژموونیی ئێرانەوە نزیکن، سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت هێزەکانی ئەمریکا عێراق جێ بهێڵن، بۆ ئەوەش هەڵوێستەکانی خۆیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی محەمەد تۆفیق عەلاوی بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، کە ئامانج لێی هێزەکانی ئەمریکایە.
لەمبارەیەوە، محەمەد رەزا، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کوتلەی سائیروون، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان رای گەیاندووە، محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆك وەزیری راسپێردراو، پابەندە بەوەی بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق جێبەجێ بكات.
ئاشکراشی کردووە، بابەتی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق لەگەڵ سەرۆك وەزیری راسپێرداو گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، بۆ ئەوەش عەلاوی لە دوای پێكهێنانی حكوومەت و لە ماوەی داهاتوودا، دەست بە هەنگاوی كردەیی دەكات، بۆ كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئه‌گه‌ر ئەمریکا سوور بێت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی له‌ عێراق، ئه‌وا له‌ خولی نوێی یاسادانانی په‌رله‌مانی عێراق، كۆمه‌ڵێك بڕیاری نوێ دژ به‌ ئەمریکا ده‌ردەکەن.
لەمبارەیەوە، د.تارق سدیق، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ (باسنیوز) جەختی لەوە کردەوە، بەپێی دەستوور، حکوومەت کە دادەمەزرێت، دەسەڵات لە پەرلەمان وەردەگرێت، گوتیشی: "لە کۆتایی 2019 ئەو متمانەیە هەر لە پەرلەمان لە حکوومەتەکەی عادل عەبدلمەهدی وەرگیراوەتەوە و حکوومەتەکەی بووەتە کاربەڕێکەر، حکوومەتی کاربەڕێکەریش تەنیا دەسەڵاتی راییکردنی کاری رۆژانەیە و لە توانایدا نییە بڕیاری گەورەی وەکوو دەکردنی هێزەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، یان رێککەوتنی گەورە واژۆ بکات".

ئەو پەرلەمانتارە، کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بووە لە پەرلەمانی عێراق، جەختی کردەوە، هاتنی ئەمریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق خۆی بووە، بەڵام حکوومەتی کاربەڕێکەر نا، لەبەر ئەوە هەر حکوومەتێکی دیکە، کە بێت و متمانە لە پەرلەمان وەربگرێت، هەمان دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەمیشەیی دەبێت، ئیتر بڕیارەکە جێبەجێ دەکات یان نایکات، ئەوە پەیوەندیی زیاتر بە خۆیەوە هەیە، ئەگەر بیەوێ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە.

د.تاریق سدیق، ئاشکراشی کرد، ئەوەی ئێستا هەیە، دەگوترێ ئەو حکوومەتە بۆ دوو ئامانج پێکدێت، یەکەمیان،دیاریکردنی کاتێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دووەمیان یەکلاکردنەوەی بابەتی دوورخستنەوەی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق، گوتیشی: "زۆرینەی هێزە شیعەکان، بەتایبەتی ئەوانەی نزیکن لە ئێرانەوە، لە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا جدیین و رەنگە بۆ مەبەستی ئەوەش پەلەیان لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بێت کە دەسەڵاتی حکوومەتی هەمیشەیی هەیە".

بەڵام پێشتر د.سامان شاڵی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا، بۆ (باسنیوز) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە لە هیچ دۆخێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە، گوتی: "ئەمریکا ئەو هەڵەیەی پێشتر دووبارە ناکاتەوە و بە هیچ هۆکار و لە هیچ دۆخێکدا لە عێراق ناکشێتەوە".







باسنيوز
Top