باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا هۆشداری به‌ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی له‌ عێراق ده‌دات

باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا هۆشداری به‌ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی له‌ عێراق ده‌دات
باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا هۆشدارییه‌كی نوێ بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی له‌ عێراق بڵاو دەکاتەوە و داوایان لێده‌كات خۆیان به‌دوور بگرن له‌و ناوچانه‌ی خۆپێشاندانیان تێدا ڕێكده‌خرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 10-2-2020، باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، ئاگادارییەکدا له‌ هەژماری فه‌رمیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (فه‌یسبووک) بڵاو كردووه‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، چاوەڕێ دەکرێ رۆژانی 11، 12 و 13ـی ئه‌م مانگە خۆپیشاندانی به‌رفراوان له‌ به‌غدا بەڕێوە بخرێت.

باڵوێزخانه‌کە لەو بڕوایە دایە خۆپیشاندانەکە فراوان بێ و شاری نەجەفیش بگرێتەوە، بۆیە هۆشداریی داوە و داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات ئاگاداری خۆیان بن.

هەر لە ئاگادارییەکەدا، باڵوێزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە، کە بارەگای باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هەر بە داخراوی دەمێنێتەوە و هاووڵاتییانی ئەمریکی بۆ هەر کارێک، کە هەیانبێ، دەتوانن سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەن.

پێشتر چەندین جار خۆپیشاندەرانی لایەنگری میلیشیاکانی حەشدی شەععبی هێرشیان کردووەتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و هەڕەشەی دەرکردنیان، کردووە.











باسنيوز

Top