حکوومەتی عێراق پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ شنگال دەگوازێتەوە

حکوومەتی عێراق پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ شنگال دەگوازێتەوە
قایمقامی شەرعیی شنگال هۆشداریی توند دەدات لە هەوڵێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بەرامبەر بە گواستنەوەی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە کەمپی هۆل لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ شنگال.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە (باسنیوز)ی راگەیاند، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەرقاڵی گواستنەوەی خێزان و منداڵانی چەکدارانی داعشە بۆ کەمپی (عەمەل) لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە وەزارەتەکەی عێراق بە نیازە، کەسوکاری داعش لە کەمپی (هۆل) لە سووریاوە بۆ سنوورەکانی شنگال بگوازێتەوە.

جەختیشی کردەوە کە بڕیارەکە هەڵەیە و ئەوان بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستنەوە. گوتیشی: ”هیچ کەس بە حکوومەتیشەوە بۆیان نییە، خێزان و پاشماوەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە جێگیر بکات، ئەمە بە مەترسی دەزانین بۆ سەر ناوچەکە“. بۆیە داوای کرد، حکوومەتی عێراق هەوڵەکە ڕابگرێت.

هەر لەمبارەیەوە قادر شێخ مه‌می، فەرماندەی پێشمەرگە لە زومار بە (باسنیوز)ی راگەیاند، که‌مپێکی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له ‌گوندێکی سه‌ر به‌ زومار، ئێستا بڕیارێک هه‌یه‌ کە ٣١ هه‌زار پاشماوه‌ی داعش بهێنرێنه‌ ئه‌و که‌مپ.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەم کارە بە ڕەزامەندیی پەکەکە و حەشدی شەعبی دەکرێت. گوتیشی: ”ئەم کارە وادەکات ناوچەکە بکەوێتە مەترسییەوە، چونکە داعش لەم ناوچانەدا جموجۆڵی بەهێزە، پێویستی بە هێزێکی گەورە و توانایەکی زۆر هەیە تاوەکوو کەمپەکە لەژێر دەستی هێزە ئەمنییەکاندا بمێنێتەوە“.

پێشتر موزاحم حوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە راگەیاندراوێکدا بە فەرمی دژایەتیی هۆزە عەرەبییەکانی سنوورەکەی بۆ بڕیاری گواستنەوەی پاشماوەکانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ سنووری شنگال و ڕۆژئاوای مووسڵ راگەیاندبوو.










باسنيو

Top