سائیرون: محەمەد عەللاوی هیچ وەزیرێکی کابینەکەی دیاری نەکردووە

 سائیرون: محەمەد عەللاوی هیچ وەزیرێکی کابینەکەی دیاری نەکردووە


سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی سائیرون رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو تا ئێستا هیچ وەزیرێکی کابینەکەی دیاری نەکردووە.

رەعد مەگسوسی، پەرلەمانتار و سەرکردە لە هاوپەیمانیی سائیرون، کە موقتەدا سەدر رێبەرایەتیی هاوپەیمانییەکەی دەکات، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە دیاریکردنی وەزیرەکان و قبوڵکردنی دوو وەزیر دەکەن، دوورن لە راستییەوە.

رەعد مەگسوسی هەروەها رایگەیاندووە، ئەو لایەنانەی باس لە دیاریکردنی چەند ناوێک دەکەن، کە پێشتر بەرپرسیارێتییان لە عێراق وەرگرتووە، دەیانەوێ خۆپیشاندەرانی عێراقی زیاتر هان بدەن بۆ بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و مانگرتن.

ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون جەختی لەوە کردووەتەوە، کە محەمەد تۆفیق عەللاوی تا ئێستا هیچ کەسێکی وەک کاندیدی وەرگرتنی وەزارەتەکانی کابینەکەی، دیاری نەکردووە و رەنگە لەم هەفتەیەوە دەست بە پرۆسەکە بکات.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.








باسنیوز
Top