عەللاوی: ئێران ھێڵە سوورەكانی بەزاندووە و عێراق لە قەبارە و خەونەكانی ئێران گەورەترە
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی ھاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی، لە بەیاننامەیەكدا ئێران بە بەزاندنی ھێڵە سوورەكان تۆمەتبار دەكات و رایدەگەیەنێت "ئێران ھێڵە سوورەكانی بەزاندوە و سەلماندی كە دەست لە كاروباری عێراق و ویستی عێراقییەكان وەردەدات".
عەللاوی، دەستوەردانەكانی ئێران لە كاروباری عێراق سەركۆنە دەكات و راشیدەگەیەنێت "ھۆشداری دەدەینە ئێران كە ناتوانێت خەونەكانی لە عێراق بۆ فراوانخوازی لە ناوچەی عەرەبی بەدیبھێنێت".
جەختیش دەكاتەوە "عێراق لە قەبارە و خەونەكانی ئێران گەورەترە".
عەللاوی، داواش لە ئێران دەكات "پابەندی پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی بێت و دەست لە كاروباری عێراق وەرنەدات، چونكە ئەم كارە گرژی زیاتر لە ناوچەكە دروستدەكات".
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری رێبەری ئێران رایگەیاندبوو، دەبێت محەمەد تۆفیق عەللاوی متمانە بەدەستبھێنێت و تاران و بەغدا و دیمەشق و بەیروت و فەلەستینیش یەك بەرەی ھاوپەیمان بن دژی ئەمەریكییەكان.
K24