“سەنگی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەهێزە”
د. بهشیر حهداد لەبارەی بەردەوامبوونی ڕێكکەوتنەکانی ههولێر و بەغداد دەربارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە کابینەی ئینتیقالیدا گوتی: "وەک دەزانن ئێستا لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا هەیە، هەروەک چۆن لە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا ڕێککەوتنێک هەبوو، کە ئەو ڕێککەوتنە بووە بنهمای دانانی بودجەی ساڵی 2019 و ئەو بڕە بودجەیەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دەهات، کە بریتی بوو لە بەشێکی بودجەی فەرمانبەران، بەڵام ساڵی 2019 تێپەڕی و لە ساڵی 2020یشدا لەبەر ئەوەی یاسای بودجەی عێراق نەهاتووەتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆیە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان یاسا دەڕون، کەواتە هەرێمی کوردستان هەمان بەشی یاساییی خۆی لە بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی دەبێت تا ئەوکاتەی بەپێی ڕێککەوتن گۆڕانکارییەک ڕوو دەدات، ئەویش بەپێی گفتوگۆ و تەوافق دەکرێت و دەبێ گشت مافەکانی کورد پاریزراو بێت."
تێکچوونی پهیوهندییهكان له بهرژهوهندیی بهغدا نییه
جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق دەڵێ: "عیراقیش دەبێ ڕەچاوی ئەوە بکات کە تێکچوونی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بەرژەوەندیی عیراقدا نییە، هەر سەرۆکوەزیرانیکی عێراق ئەگەر بیەوێت حکومەتەکەی بەهێز بێت، دهبێ کار بۆ ئەوە بکات کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە ئێمە چەند پێویستمان بە عێراقە، ئەوان زیاتر پێویستیان بەوە هەیە کە پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور دابڕێژن"
گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکان
د. بەشیر حەداد، لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا: "ماوەیەک پیش ئێستا زنجیرهیهك کۆبوونەوە و دانیشتن لە نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکووک بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغداد بەڕێوە چوون، ئەم کۆبوونەوانە ئەنجامی باشیان هەبوو، لایەنەکان و پیکهاتەکانی کەرکووک گەیشتنە خاڵی باش و ئەنجامی باش، بەڵام لەبەر بارودۆخی عێراق و سەرهەڵدانی خۆپێشاندانهكان له شەقامی عێراقیدا ئەم کۆبوونەوانە ڕاگیران و نەگەیەشتنە خاڵی کۆتایی، کە ڕیکكەوتنێکی سیاسیی تەواوی لەسەر بکرێت و ببێتە هۆی ئەوەی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ ناوچە کوردستانییەکان، هەرچەندە هەر ئەوکات عادل عهبدولمەهدی بڕیاری دا بە کشانەوەی هێزەکانی عێراق لەو ناوچانە و هەندێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کشانەوە و چاوەڕوان دەکرا لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و شانبەشانی هێزەکانی عێراق ناوچەکە بپارێزن، چونکە حکوومەتی عێراقیش بۆی ڕوون بووەتەوە کە ئەم ناوچانە تەنیا بە سوپای عێراق کۆنترۆڵ ناکرێت و ناتوانن بهبێ بوونی هێزەکانی پێشمەرگە ئارامی و ئاسایش له ناوچەکە بەرقەرار بکەن، وەک بینیمان لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا چۆن داعش سەری هەڵدایەوە و کاری توندوتیژی و تیرۆر لەو ناوچانە ڕووی داوە، کە وای کردووە دانیشتووانی ناوچەکە، جگە لە کوردەکان، پێکهاتەی تورکمانیش داوا بکەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە بوونی ئەوان ئەمن و ئاسایش بەرقەرار ببێت".
پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغداد و بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانیان
د. بەشیر حەداد گوتیشی: "پێگەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە بەغدا زۆر باشە و ڕۆڵێکی دیاری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە و چەندین جار بینیمان کە شاندی حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان کە شتێکیان لێ ئاڵۆز ببێت و نەگەنە ئەنجام، ئەوە دێن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوای هاوکاری و یارمەتی لە هەرێم دەکەن بۆ ئەوەی باری سیاسی و ئەمنیی عێراق وەک خۆی لێ بکەنەوە، یان بیگەڕێننەوە سەردۆخی ئاساییی خۆی، کەواتە عێراق لەوە تێ گەیشتووە، کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی ئیداریی فیدراڵییە و بەپێی دەستور کارەکانی خۆی دەکات و توانیویهتی بوونی خۆی لەناو عێراقدا بسەپێنێت و لە هەوڵی ئەوەدایە مافەکانیشی بەپێی دەستوور وەربگرێت، نە بە کەمتر ڕازین و نە داوای زیاتر دەکەن، بۆیە سەنگی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەهێزە و، ڕۆڵێکی بەهێزیشی دەبێت، هەروەها عێراق دەبینێت کە ئەو شاندە نێودەوڵەتییانەی دێنە عێراق، زۆربەیان دەچنەوە هەولێر، کەوایە ئەوانیش ئەوە دەزانن کە جیهان و وڵاتە زلهێزەکانیش تەنها قسە و بڕیار لە عێراق وەرناگرن، بەڵکو هەرێمی کوردستانیشی تێدا بەشدار دەکەن، هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بانگهێشتی کۆبوونەوە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دهكرێت، کەوایە دەزانن کە ئەو پێگەیەی هەرێمی کوردستان وەریگرتووە، ناتوانن لێی بسەننەوە."