له‌دوای په‌یامه‌كه‌ی سه‌در "كڵاو شینه‌كان" كشانه‌وه‌یان ده‌ستپێكرد

له‌دوای په‌یامه‌كه‌ی سه‌در
له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در بۆ چاكسازی و راده‌ستكردنی دۆسیه‌ی پاراستنی خۆپیشانده‌رو خێمه‌كانیان به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، كڵاو شینه‌كان ده‌ستیان به‌كشانه‌وه‌ كرد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌به‌غداده‌وه‌ رایگه‌یاند، "كڵاو شینه‌كان" كه‌ هێزێكی چه‌كداری سه‌ر به‌سه‌رایاسه‌لامه‌ و به‌فه‌رمانی موقته‌دا سه‌در پێكهێندرا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌گۆڕه‌پانی ته‌حریرو رێستۆرانتی توركی ناوه‌ڕاستی به‌غداد ده‌ستیان به‌كشانه‌وه‌ كرد.

جه‌ختیشیانكردوه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌م هێزه‌كانیان له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی به‌غدادو خۆپیشاندانه‌كان ده‌كشێننه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دو كاتژمێر به‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در تێده‌په‌ڕێت كه‌ په‌یامێكی 18 خاڵی له‌ژێر ناوی "به‌ڵێننامه‌ی شۆڕشی چاكسازی" بڵاوكرده‌وه‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كان به‌مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ هاوڵاتیان ناچار بكرێن به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن و رێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كان دابخه‌ن و رێگری له‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام و ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ن و هێرشبكرێته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كان.

هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا جه‌ختیكرده‌وه‌، "كڵاو شینه‌كان" ده‌كشێنه‌وه‌، كۆنترۆڵكردن و پاراستنی خۆپیشانده‌ران و خێمه‌كانیان ده‌خرێنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌.

كڵاو شینه‌كان، هێزێكی چه‌كداری سه‌ر به‌ ره‌وتی سه‌درن و پاش راسپاردنی عه‌لاوی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت زێده‌تر ناویان ده‌بیسترێت، ئه‌و هێزه‌ی پاش رێكه‌وتی 1ی شوباتی 2020 به‌ فه‌رمانی موقته‌دا سه‌در په‌یتا په‌یتا چادره‌كانی خۆپیشانده‌ران به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌ و ویستیان ئه‌وه‌یه‌ بڵاوه‌یان پێبكه‌ن، خۆپیشانده‌رانیش به‌رامبه‌ر كڵاوشینه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ خوێنی كوژراوانیان له‌ژێر ناوی "كڵاوسوره‌كان" به‌رهه‌ڵستی ده‌كه‌ن.










خەندان

Top