سەدر دژایەتیی لێکنزیکبوونەوەی محەمەد عەللاوی و خۆپیشاندەران دەکات

سەدر دژایەتیی لێکنزیکبوونەوەی محەمەد عەللاوی و خۆپیشاندەران دەکات
رۆژنامەیەکی عەرەب لە راپۆرتێکدا، ئاماژە بە دژایەتیی رێبەری رەوتی سەدر بۆ کۆبوونەوەی خۆپیشاندەران و سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق، دەکات.

ئەمڕۆ شەممە 8-2-2020، رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید) لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بیر لە کشاندنەوەی پشتگیریی خۆی و هاوپەیمانیی سائیرون لە محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، دەکاتەوە.

هاوپەیمانیی سائیرون خاونی 54 کورسییە لە پەرلەمانی عێراق و لەلایەن موقتەدا سەدرەوە رێبەرایەتی دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی ئەوەی کردووە، کە مەقتەدا سەدر بەهۆی کۆبوونەوەی محەمەد عەللاوی لەگەڵ خۆپیشاندەران و ئەگەری بەشداری پێکردنیان لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بیر لە کشاندنەوەی پشتگیریی لە عەللاوی دەکاتەوە.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.









باسنيوز


Top