پەرلەمانتارێکی نەینەوا: سوننەکان بەهۆی داعشەوە خۆپیشاندان ناکەن
پەرلەمانتارێکی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، کە هاووڵاتییانی سوننەی عێراق بەهۆی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، بەشداریی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ناکەن.
ئەحمەد جبوری، پەرلەمانتاری نەینەوا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، خەڵکی پارێزگا سوننییەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراق هاوسۆزن لەگەڵ خۆپیشاندەرانی بەغدا و باشووری عێراق.
ئەحمەد جبوری لەبارەی بێدەنگیی خەڵکی پارێزگا سوننەمەزهەبەکانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین و تکریت، رایگەیاندووە، هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لەبەر سێ هۆکار ناتوانن خۆپیشاندان دژی حکوومەتی عێراق بکەن، کە هۆکارەکان بریتین لە؛
- داعش تا ئێستا ماوە و سوپا و هێزە عێراقییەکان رووبەڕوویان دەبنەوە.
-ئاوارەکانی ئەو ناوچانە هێشتا نەگەڕاونەتەوە.
- تا ئێستا شارەکانی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا بە وێرانی ماونەتەوە.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز