هۆشداری له‌ گه‌یشتنی كۆرۆنا ده‌درێت بۆ عێراق

هۆشداری له‌ گه‌یشتنی كۆرۆنا ده‌درێت بۆ عێراق
په‌رله‌مانتارێكی عێراقی هۆشداری له‌ ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ده‌دات له‌ عێراق و داوا له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراقی ده‌كات، رێكاری پێویست بگرێته‌به‌ر.

جه‌مال محه‌مه‌داوی، په‌رله‌مانتاری عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت، هاتنی كه‌شتی بارهه‌ڵگری بازرگانی، به‌ تاقمی چینی و فلیپینی بۆ به‌نده‌ری ئوم قه‌سری به‌سره‌، مه‌ترسیداره‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێویسته‌ رێكاری پێویست بگیرێته‌به‌ر.

روونیشی ده‌كاته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكانێك هه‌بن له‌ تیمی ئه‌و كه‌شتیانه‌ كه‌ فلیپینی و چینین هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بن، به‌و شێوه‌یه‌ش ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ ته‌واوی عێراق ده‌گوازرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ هه‌ندێك وڵات چوونی كه‌شتی بارهه‌ڵگری چینی بۆ به‌نده‌ره‌كانیان راگرتووه‌ له‌ ترسی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌شتیانه‌ به‌بێ هیچ چاودێری و پشكنینێكی پزیشكی دێنه‌ به‌نده‌ری ئوم قه‌سر.

داواش ده‌كات وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراق به‌ په‌له‌ رێكاری پێویست بگرێته‌به‌ر و لێژنه‌ی ته‌ندرووستی پێویست له‌ به‌نده‌ره‌كه‌ جێگیر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی بۆ كه‌سانی بیانی و تاقمی كه‌شتییه‌كان بكه‌ن كه‌ دێنه‌ به‌نده‌ره‌كه‌.



K24 -
Top