خەزعەلی: سەرۆکی یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق سیخوڕی ئەمریکایە

خەزعەلی: سەرۆکی یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق سیخوڕی ئەمریکایە
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە عێراق رایگەیاند، یەکێک لە سەرۆکانی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق سیخوڕی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکایە کە بە سی ئای ئەی ناسراوە.

قەیس خەزعەلی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ راگەیاندنی سەر بە بزووتنەوەکەی رایگەیاند، "بەپێی چەند بەڵگەیەک کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پێشتر ناردوونی، یەکێک لە سەرۆکانی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و یەکێک لە دیارترین فەرماندەکانی هێزە ئەمنییەکان بەشێکن لە پرۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەم پرۆژە لە نێوخۆ و بە دەستی عێراقییەکان جێبەجێ دەکرێت، پێش چەند مانگێک ئەمەم گوت و ئێستا ئەوەتا سەلمێندرا".

قەیس خەزعەلی راشیگەیاند، "یەکێک لە سەرۆکانی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق رۆڵی زۆری هەیە، چونکە چالاکە و چەند دەزگایەکی راگەیاندنی هەیە کە کاران و ئەو ئاسانکاریی کرد بۆ نیشانشکێنەکان کە خۆپێشاندەرانیان کردە ئامانج. بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لەبەردەستە کە ئەو کەسە لە کۆتایی ساڵی 2012وە سیخوڕی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکایە و راهێنرا بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی یەکێک لە سەرۆکایەتییەکانی عێراق".

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوە کرد، "سەرچاوەی بەڵگەکان خودی حاجی قاسم سولەیمانییە و ئەو سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بوو، بۆیە من دڵنیام ئەو کەسە بەرپرسە سیخوڕە، چونکە خۆی سەلماندی وەک هاووڵاتییەکی عێراقی نیشتمانپەروەر کارناکات، بەڵکو تەنیا بە ئەجێندای ئەمریکا کاردەکات".
Top