دۆخی نەجەف کاردانەوەی نێوخۆیی و جیهانیی لێدەکەوێتەوە
قەیس خەزعەلی: هێزە ئەمنییەکان لاوازن
هەروەها قەیس خەزعەلی لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند، "هێشتا باوەڕمان وایە چارە بریتییە لەوە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت و پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکان بکرێت بۆ ئەوەی ئەرکەکانیان رابپەڕێنن، بەڵام لاوازیی هێزە ئەمنییەکان و رانەپەڕاندنی ئەرکەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشی ئەمنیی لەدەستدەرچوو و کردەوە تێکدەرانەکان و دەستەوەستانیان قبووڵناکرێت و مەترسیی لێکەوتەی خراپی لێدەکرێت".
قەیس خەزعەلی دەشڵێت، "دەبێت ئەم کێشە چارە بکرێ و رەنگە چارە لە داواکاریی جەماوەردا بێت بەوەی جەماوەر داوا لە هێزە ئەمنییەکان بکات بیانپارێزن".
ئەو توویتەی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دوای کوژرانی 13 خۆپێشاندەر و برینداربوونی 127 خۆپێشاندەری دیکە هات بەهۆی هێرشی شەوی رابردووی لایەنگرانی رەوتی سەدر و چەکدارانی نەناسراوەوە بۆ سەر خۆپێشاندەران لە نەجەف.
هۆزەكانی زیقار هۆشداری دەدەنە موقتەدا سەدر
هۆزەكانی پارێزگای زیقار هۆشدارییان دایە رێبەری رەوتی سەدر و داوای لێدەکەن لایەنێك نەبێت لە رشتنی خوێنی خەڵک.
ئەبو موحەممەد، سەرۆكی هۆزەكانی ئال حیجام كە نزیكەی 70 هۆز لە خۆدەگرێت، رایگەیاند، "ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 05-02-2020 هۆزەكانی پارێزگای زیقار كۆبوونەوە و دوایین گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەكانی وڵاتیان تاوتوێكرد".
هۆزەكانی زیقار لە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، "داوا لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەكەین لایەنێك نەبێت لە رژانی خوێنی رۆڵەكانمان لە پارێزگاكە. با پارێزگاکەمان لە شەڕ و ململانێی نێوخۆیی نەگلێنێت لە پێناو بەرژەوەندیی كەسی و سیاسی، بۆیە داوای لێدەكەین شوێنكەوتووانی بكێشێتەوە. ئاسایشیش بەدەست هێزە ئەمنییە فەرمییەكانی حكومەتەوەیە و ئەوان لایەنی بەرپرسن لە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپێشاندران".
هۆزەکان لە راگەیێنراوەکەدا دەڵێن، "وەكو رێزێك بۆ سەدری باوكت، داوات لێدەكەین رێزی خوێنی عێراقییەكان بگرە و لە بەرژەوەندیی كەسی و سیاسی دووربكەوە، بە پێچەوانەوە بەرپرسی یەكەم دەبیت لە رژانی خوێنی رۆڵەكانمان لە شارەكەمان، هۆزەكەشت بەرپرسیار دەبێت لە رژانی ئەو خوێنە، هەروەها قسەی دیكەمان دەبێت".
ئەیاد عەللاوی: لایەنێك نابین لەو حكومەتەی ویستی دەرەكیی لەپشتە
سەرۆكی هاوپەیمانیی وەتەنیە رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەكەی لایەنێك نابێت لە حكومەتەكەی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو كە بە بۆچوونی ئەو، بە ویستی دەرەكی هاتووە.
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی هاوپەیمانیی وەتەنیە لە توویتێكدا گوتی، "قسەكردن لەبارەی وەرگرتنی پۆستی حكومی لە كاتێكدا خوێنی عێراقییەكان دەڕژێت، نەنگی و شەرمەزارییە و شایانی ئەوە نییە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت".
سەرۆكی هاوپەیمانیی وەتەنیە گوتیشی، "هەڵوێستمان روونە و پێشتریش رامانگەیاندووە و ئێستاش جەختی لەسەر دەكەینەوە، لایەنێك نابین لەو كابینە وەزاریەی بە ویستی دەرەكی و بە پارێزگاریی میلشیاكان و لەسەر حیسابی خوێنی عێراقییانی سڤیل هاتووە".
رۆژی چوارشەممە 05-02-2020 ئەیاد عەللاوی گوتی، "تێبنیم لەسەر بەربژێركردنی محەممەد تۆفیق عەلاوی نەبووە، بەڵام رێگەی هێنانی دروست نییە، پێشمڕاگەیاند كە شێوازی گەیشتنت بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵەیە".
رۆژی شەممە 01-02-2020 بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق محەممەد تۆفیق عەللاویی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق راسپارد.
سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو داوا لە حکومەتی عێراق دەکات خۆپێشاندەران بپارێزێت
محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق رایگەیاند، داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق دەکەم خۆپێشاندەران بپارێزێت.
ئەم داوایەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق دوای کوژرانی 13 خۆپێشاندەر و برینداربوونی 127 خۆپێشاندەری دیکە هات بەهۆی هێرشی شەوی رابردووی لایەنگرانی رەوتی سەدر و چەکدارانی نەناسراوەوە بۆ سەر خۆپێشاندەران لە نەجەف.
محەممەد تۆفیق عەللاوی لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی لەبارەی رووداوەکانی شەوی رابردوو لە نەجەف رایگەیاند، "ئەو رووداوە دڵتەزێنانەی روویاندا، هانم دەدەن داوا لە حکومەتی ئێستا بکەم ئەرکی خۆی رابپەڕێنێت و خۆپێشاندەران بپارێزێت".
سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەشڵێت، "دۆخەکە دەبێت وابێت تاوەکو حکومەتێک پێکدەهێندرێت لە ئاستی داخوازییەکانی عێراقییەکاندا بێت و هێزی لە گەلەوە وەربگرێت و داواکارییە رەواکانیان جێبەجێ بکات".
ئەوە لەکاتێکدایە لە خۆپێشاندانەکانی دژی گەندەڵی و هەژاری و حکومەت و لایەنە سیاسییەکان لە عێراق تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 کەس کوژراون و نزیکەی 24 هەزار کەسی دیکە برینداربوون.
عەبادی: پاڵپشتیی بەردەوامی خۆپێشاندانەکان دەکەین بۆ بەدیهێنانی چاکسازی
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند، "پاڵپشتیی بەردەوامی خۆپێشاندانە ئاشتییانەکان و پاراستنیان دەکەین لەپێناو بەدیهێنانی چاکسازیی ریشەیی و دژی هەوڵەکانی بەلاڕێدابردنیان بەرەو تووندوتیژی و پەکخستنی گوزەران دەوەستینەوە".
حەیدەر عەبادی دەشڵێت، "دەبێت هێزە ئەمنییەکان ئەرکی خۆیان رابپەڕێنن بۆ پاراستنی خۆپێشاندەرانی ئاشتییانە و جەماوەر خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و کەس خاوەنی نییە. لە کۆتاییدا سەرەرای کوشتن و ناوزڕاندن و ترساندن، ویستی گەل سەردەکەوێت".
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی خۆپێشاندەران دەکات
جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە توویتێکدا رایگەیاند، "تووندوتیژی و ژمارەی زۆری قوربانییانی شەوی رابردوو لە نەجەف سەرکۆنەدەکەین و پێویستە خۆپێشاندەرانی ئاشتییانە هەموو کاتێک بپارێزرێن، نەک دوای ئەوەی کار لە کار بترازێت".
ئەو هەڵوێستەی نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هاوکاتە لەگەڵ هەڵوێستی باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا و باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کە سەرسامبوونی خۆیان لە رووداوەکانی نەجەف راگەیاند و داوای پاراستنی خۆپێشاندەران دەکەن.
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر: پارێزگاری نەجەف لە رووداوەکانی پارێزگاکە بەرپرسیارە
عەدنان زەرفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە پەرلەمانی عێراق لە توویتێکدا رایگەیاند، ئەو تاوانەی دەرهەق بە خۆپێشاندەرانی نەجەف کراوە بە تەواوی لە ئەستۆی پارێزگاری نەجەفە کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگاکەیە، بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی پارێزگاکە و دەستبەرداری ئەو بەرپرسیارێتییە بووە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو رێگە یاسایییەکان دەگرنەبەر لە دادگا و داواکاری گشتی بۆ ئەوەی لوئەی ناسری پارێزگاری نەجەف دادگایی بکرێت، چونکە لە رووی ئەمنیەوە کەمتەرخەم بووە لە پاراستنی رۆڵەکانی نەجەف.
حکومەتی عێراق لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی نەجەف پێکدەهێنێت
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی شەوی رابردوو لە شاری نەجەف پێکهێنا.
یاسین یاسری، وەزیری نێوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی نەجەف".
باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق: دەبێت حکومەت خۆپێشاندەران بپارێزێت
باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیان،د رووداوەکانی شەوی رابردوو لە شاری نەجەف لە عێراق کە هێرشکرایە سەر خۆپێشاندەران و دەیان کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە، تووشی سەرسامییان کردم و دەبێت حکومەت خۆپێشاندەران بپارێزێت.
ستیڤن هێکی، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە توویتێکدا رایگەیاند، "بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپێشاندەرانی ئاشتییانە لە نەجەف تووشی شۆکی کردم".
ستیڤن هێکی دەشڵێت، "کاری لەپێشینەی حکومەتی ئێستا و حکومەتی داهاتوو بریتییە لە کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییەی کە هەیە و پاراستنی خۆپێشاندەران و لێپێچینەوە لەگەڵ بکەرانی ئەو تاوانانە و لێپێچینەوە لەگەڵ گرووپە چەکدارە نایاساییەکان".
یەکێتیی ئەوروپا: رووداوەکانی نەجەف تۆقاندن و تووندوتیژیی بێپاساون
مارتن هۆت، باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە بەغدا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە توویتێکدا رایگەیاند، "تۆقاندن و توندوتیژی دژی خۆپێشاندەران لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کە شەوی رابردوو بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک کەس لە نەجەف قبووڵناکرێت".
مارتن هۆت ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت تاوانکاران ئاشکرابکرێن و سزابدرێن، چونکە ئەم کردەوە قێزەونانە هەر پێشکەوتنێکی سیاسی لەباردەبەن".
وەزیری نێوخۆی عێراق گەیشتە نەجەف
نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری ناوخۆی عێراق لە راگەیێنراوێکدا راگەیاند، یاسین یاسری وەزیر نێوخۆی عێراق گەیشتووەتە شاری نەجەف.
دوای گەیشتنی بۆ شارەکە، وەزیری نێوخۆی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و ئەمنیی شارەکە کۆبووەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەمە 05-02-2020 كڵاوشینەكانی سەر بە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانكوتایە سەر خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی سەدرەین لەشاری نەجەف و بەهۆیەوە شەڕوپێکدادان لەگەڵ خۆپێشاندەران دروستبوو.
ئەنجوومەنی دادوەریی ئاماری راگیراو و ئازادکردنی خۆپێشاندەران بڵاودەکاتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-02-2020، ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە، بەپێی دوایین ئاماری دەستەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەی خۆپێشاندەران تاوەکو 05-02-2020 ژمارەی راگیراوانی پەیوەندیدار بە دۆسیەکان لەبارەی رووداوەکانەوە گەیشتووەتە 38 خۆپێشاندەری راگیراو، هەروەها سێ هەزار و 123 خۆپێشاندەریش ئازادکراون.
رۆژی نۆی کانوونی دووەمی 2020 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ئامارێکدا رایگەیاند، 91 خۆپێشاندەر راگیراون و دوو هەزار و 811 خۆپێشاندەریش ئازادکراون.