ژمارەی قوربانییەکاني خۆپیشاندەران گەیشتە دەیان کەس
یاسین یاسری وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری نەجەفی کرد و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی ئەمنی کۆبوەوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا نوسیویەتی، "شەوی رابردو یاسین یاسری وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری نەجەفی کرد و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی ئەمنی کۆبوەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ گرژی لە لە نێوان خۆپیشاندەرانی نەجەف و گروپی کڵاوشینەکانی سەر بە رەوتی سەدر رویداوە".
نەخۆشخانەی حەکیم 36 بریندار و لە نەخۆشخانەی سەدریش 35 بریندار تۆمارکراوە
بەهۆی گرژییەکانی شەوی رابردو ئیدارەی پارێزگای نەجەف بڕیاریدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بکرێتە پشوی فەرمی، بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنیش بەرزبونەوەی ژمارەی بریندارانی گرژییەکانی شەوی رابردوی بەم شێوەیە بڵاوکردوەتەوە، "لە نەخۆشخانەی حەکیم 36 بریندار و لە نەخۆشخانەی سەدریش 35 بریندار تۆمارکراوە، هاوکات 20 کەسی دیکەش بە ئاستی جۆراوجۆر برینداربون".
هاوکات پاش ئەوەی بە هۆی پێكدادانەكانی نێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و خۆپیشاندەرانی نەجەف ژمارەی قوربانییەکان بەرزبوەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق داوای لە حكومەتی كاربەڕێكەر كرد خۆپیشاندەران بپارێزن.
عەلاوی نوسویەتی "ئەو روداوە بەئازارانەی ئێستا رودەدەن، بوەتە هۆی ئەوەی داوا لە برایانم بكەم لە حكومەتی كاربەڕێكەر، سەبارەت بە پاراستنی خۆپیشاندەران ئەركی خۆیان بەجێبهێنن ئەو هەنگاوە تا كاتی پێكهێنانی حكومەتی نویی عێراقە لە ئەستۆ بگرن".
خەندان