عێراقییەکانی وهان گەڕێندرانەوە و دەستبەسەر دەکرێن

عێراقییەکانی وهان گەڕێندرانەوە و دەستبەسەر دەکرێن


هاووڵاتییە عێراقییە گیرخواردووەکانی شاری وهان لە چین گەڕێندرانەوە و لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا دەستبەسەر دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5-2-2020، حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کەناڵی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، عێراقییەکان لە چین گەڕێندراوە بەغدا.

حەسەن کەعبی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو هاووڵاتییانە هیچ کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا نییە و بۆ دڵنیایی زیاتریش، لە نەخۆشخانەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا دەستبەسەر دەکرێن.

شەوی رابردوو جەواد موسەوی، ئەندامی لێژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، کە 58 هاووڵاتیی عێراقی لە چین دەگەڕێندرێنەوە تارانی پایتەختی ئێران.

بەپێی ئاماری ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆناوە بەرزبووەتەوە بۆ 493 کەس، کە یەکێکیان هاووڵاتیی فلیپینە، یەکێکیش هاووڵاتیی هۆنگ کۆنگە و ئەوانی دیکە هاووڵاتیی چینن.

لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و تا ئێستا لە چەند وڵاتێک دۆزراوەتەوە، لە شاری وهان سەری هەڵدا.











باسنيوز
Top