سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کابینەکەی، ئازاد دەکرێ.

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کابینەکەی، ئازاد دەکرێ.
بەدر زیادی، پەرلەمانتاری عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، محەمەد تۆفیق عەللاوی پشت بە راوێژکارەکانی دەبەستێ لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی وەزیرەکانی حکوومەتەکەی.

بەدر زیادی هەروەها رایگەیاندووە، هەموو کوتلە سیاسییەکان رێک کەوتوون لەسەر ئەوەی ئازادیی تەواو بە محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی وەزیرەکانی حکوومەتەکەی، بدەنو دەست لە کاروبارەکانی وەرنەدەن.

ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە وەزیرە سەرکەوتووەکان لە کابینەی عادل عەبدولمەهدی، لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.





باسنیوز
Top