پەرلەمانتارێکی عێراق: دەتوانرێت دەستکاریی پاشکۆی یاسای هەڵبژاردن بکرێت
د. بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، تاوەکو ئێستا یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەوانەی سەرۆککۆمار نەکراوە تاوەکو پەسندی بکات.
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان روونیکردەوە، کۆی گشتیی یاساکە پەسندکراوە، بەڵام پاشکۆیەک هەیە بۆ دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن کە پەسندنەکراوە، لەکاتێکدا دەبوو پێش ئەوەی یاساکە پەسندبکرێت، پاشکۆکە پەسندبکرایە، بۆیە ئێستا لە پەرلەمان دەتوانرێت بە ئارەزووی خۆیان دەستکاریی پاشکۆی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن بکرێت، نابێتە بەشێکیش لە یاسای هەڵبژاردن، بەڵکو دەبێت بە جیا دەنگی لەسەر بدرێت و تاوەکو ئێستاش تەواو نەکراوە.
پێشتر نەدا شاکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، سەرۆککۆماری عێراق یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسندنەکردووە، چونکە چاوەڕێی پاشکۆی یاساکە دەکات کە تایبەتە بە رێکخستنی کاری بازنەکانی هەڵبژاردن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، هەر کاتێک پاشکۆکە لە پەرلەمانەوە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار بکرێت، ئەوا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق یاسای هەڵبژاردن پەسنددەکات.
نەدا شاکر دەشڵێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان خشتەکانی تایبەت بە بازنەکانی هەڵبژاردنی ئامادەکردووە، لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا دەنگی لەسەر دەدرێت، دواتر سەرۆکایەتی پەرلەمان رەوانەی سەرۆکایەتی کۆماری دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسندبکرێت.