په‌رله‌مانتارێك: له‌ ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق راده‌گه‌یه‌ندرێت

په‌رله‌مانتارێك: له‌ ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق راده‌گه‌یه‌ندرێت
نه‌دا شاكر جه‌وده‌ت، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا ته‌واوی كابینه‌كه‌ی پێكده‌هێنێت.

یه‌كی ئه‌م مانگه‌، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق راسپارد، كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆری شیعه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌كرێت.

نه‌دا شاكر جه‌وده‌ت، ئه‌ندامی پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا عه‌لاوی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌ به‌شداری وه‌زیری بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ پێكده‌هێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "په‌رله‌مانی عێراق پاڵپشتی عه‌لاوی ناكات و كابینه‌كه‌ی ره‌تده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر کاندیدانی وەزارەتەکان لەلایەن حزبه‌كانەوە دیاریبكرێت".

له‌یه‌كه‌م لێدوانیشیدا له‌دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی داوای پاڵپشتی له‌سه‌رجه‌م خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه‌كانیش كرد، پاڵپشتی بكه‌ن بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی چاكسازی.

عەلاوی باسی لەوەشکرد، "جەخت لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و هەڵوەشاندنەوەی دەستە ئابورییە جیاوازەکان و لێکۆڵینەوە لە ئاسایش و ئارامی گەل و هاوڵاتیان دەکەینەوە، هەروەها عێراق دەپارێزین لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی و رێگەنادەین ببێتە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی ململانێکان".

ئەوەشی خستەڕو، "ئه‌گه‌ر له‌رێگه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ فشارم له‌سه‌ر دروستبكرێت ده‌ستله‌كارده‌كێشمه‌وه‌".

پێشتریش، فازڵ فه‌تلاوی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاندبو، "هیچ كاندیدێك بۆ پۆسته‌ وزاریه‌كانی حكومه‌تی نوێی عێراق پێشكه‌ش ناكه‌ین و عه‌لاوی سه‌رپشك ده‌كه‌ین به‌ویستی خۆی كاندیدی پۆسته‌ وزاریه‌كان دیاریبكات".









خەندان-
Top