مەرجەعێکی شیعە: ئامادەم فیتنەی عێراق لەناوببەم
مەرجەعێکی شیعەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ لەناوبردنی ئاژاوەی وڵاتەکەی، رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 4-2-2020، قاسم تائی، یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، پێویستە هەموو لایەنەکان بە دانایی و عەقڵانییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ بارودۆخی ئێستای عێراق بکەن.
قاسم تائی بەهۆی بەکارهێنانی چەکدارانی میلیشیای سەرایا سەلام، کە بە کڵاوشینەکان ناسراون، ناڕاستەوخۆ هێرشی کردووەتە سەر موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر و رایگەیاندووە، بەکارهێنانی توندوتیژی وا دەکات کۆمەڵگەی عێراقی ببێتە دوو بەرەو و رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
ئەو لێدوانەی تائی دوای ئەوە دێت، کە رۆژی دووشەممە کڵاو شینەکان، کە بە فەرمانی موقتەدا سەدر دەجوڵێنەوە، بە چەقۆ و دار هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران لە شارە جیاوازەکانی عێراق و ژمارەیەکی زۆریان لێکوشتن و بریندار کرد.
قاسم تائی ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لەنێوان لایەنەکان نیشانداوە، بۆ ئەوەی ”ئەو فیتنەیە بکوژێتەوە“ و داواشی لە هەموو سیاسەتمەدار، زانا، مەرجەعە شیعەکان و شێخی عەشیرەتەکان کردووە ”بە عەقڵانیەت رەفتار بکەن“.
باسنيووز